Выберите трек для воспроизведения
ئەم مرۆڤە ھەنێ جار لە تەنھاییدا
خەمەکانی وەک چرا دادەگیرسێنێ
ھەنێ جاریش چەپکێ ھەتاوی سەربڕاو ھەڵەگرێ
وەک شێت بەناو کۆڵانەکاندا دەگەڕێ
ئەم مرۆڤە وەک تۆ ژیانی پێ خۆشە
کاتێ لەگەڵ یارەکەیا سەما ئەکا
یان لە کەناری ڕووبارێ دادەنیشێ
وا دەزانێ، وا دەزانێ، وا دەزانێ
سواری ئەستێرەکان بووە و بەناو گەردووندا ڕادەکا
بەڵام کاتێ کە دەبینێ نیشتمانی لەسەر شۆستەکان کەوتووە
نیشتمانی لەژێر سێبەری چەقۆدا ملکەچ بووە
بە دەنگی بەرز ھاوار ئەکا
دەرگای شار بەردباران ئەکا
دەموچاوی پاشاکانی بە تف سواغ ئەدا
ئەم مرۆڤە لە گۆشەیەکی ئەم دنیا بەرینە
چاوەکانی بە بارتەقای پانیی گەردوون کردۆتەوە
ئەڵێی تەنھا ئەم جارەیە ئەم زەمینە وا دەبینێ
ئەڵێی یەکەم جارە زەمین بە ڕوویەوە پێبکەنێ
چاوەکانت بە بارتەقای پانیی گەردوون کردۆتەوە
بە ھێمنی لە ڕۆژگار و بیر لە ژیان ئەکەیتەوە
ئەوەتانێ بەم نیوەشەوە سامناکە
بەم بەفر و باوبۆرانە
ئەم زەمینە بۆ باوەشی حەقیقەتی ئەبەیتەوە